تەندروستی جیھانی: ھەر چوار مانگ جارێک شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا دەستپێدەکات

11/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، ھەموو چوار مانگ جارێک جیھان شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا بەخۆیەوە دەبینێت.

دەیڤد نابارۆ نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا ڕایگەیاند، شێوازی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکە، ماوەیەک کەڵەکە دەبێت و دواتر بە شەپۆلێکی بەھێز بڵاودەبێتەوە، دوای ماوەیەک شەپۆلەکە نزم دەبێتەوە، بەو شێوەیە ھەموو سێ بۆ چوار مانگ جارێک شەپۆلێکی نوێ دەستپێدەکات.


نابارۆ جەختیکردەوە، ئەستەمە پێشبینی داھاتوو بکرێت، بەڵام لەو بڕوایەدایە ڤایرۆسەکە لە بازادان و گۆڕانی بەردەوامدایە، بۆیە دەبێت مرۆڤایەتی ئامادەیی ھەبێت بۆ ژیان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو تەشەنەکردن و گۆڕانکاریانەی، کە بەسەر ڤایرۆسەکەدا دێت.


ئەو لێپرسراوەی تەندروستی جیھانی پێشبینی ئەوەی کردووە، لە سێ مانگی داھاتوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوشێکی قورس دروست بکات، بەڵام ئاسۆ ڕوونە و کۆتایی پێ دێت.