کۆریای باکور مووشەکێکی تری تاقیکردەوە

11/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چەند سەعاتێک دوای ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشی ٦ وڵات، کۆریای باکور مووشەکێکی بە ئاڕاستەی دەریادا تاقیکردەوە، کە دووەمین مووشەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ تاقیبکاتەوە.

سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند، "پیۆنگ یانگ" مووشەکەکەی لە کەناراوەکانی خۆرھەڵاتەوە ئاڕاستەی دەریا کردووە و ھەفتەیەک لەمەوبەریش مووشەکێکی تری تاقیکردەوە کە خێراییەکەی لە خێرای دەنگ زیاتر بووە، ئەوەش دووەمین مووشەکە کە ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاقیبکاتەوە. 


ھاوکات ھێزە کەناراوەکانی ژاپۆن ڕایانگەیاندووە، ئاگاداری تاقیکردنەوەی مووشەکێکی کۆریای باکور بوون، کە ھاوشێوەی مووشەکی بالیستی بووە.


ئەو تاقیکردنەوەیەش تەنھا چەند سەعاتێک دوای ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ئێرلەندا و ئەلبانیا ھات، کە داوایان لە کۆریای باکور کردبوو چالاکییەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی ناوچەکە ڕابگرێت.