ئاوارەکانی کەمپی جەدعە ئامادەنین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

10/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئاوارەکانی کەمپی جەدعە لە موسڵ داخستنی کەمپەکەیان و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و خۆیان رەتدەکەنەوە و حکومەتی عیراقیش ھەوڵی قایلکردنیان دەدات.

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ھەوڵیان داوە کەمپی جەدعە دابخەن، بەڵام ئەو ھەزار و ٦٠ خێزانەی لە کەمپەکەدان رێگا نادەن دابخرێت و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. بەرپرسانی پارێزگاکەش دەڵێن، لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ قایلکردنی ئاوارەکان تاکو بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکە بەجێبھێڵن.
بەشێکی زۆری ئاوارەکانی کەمپی جەدعە بریتین لە خێزانی چەکدارانی داعش کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لە کەمپی ھۆلەوە گواسترانەوە و بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراقیش ئەم ئاوارانەیان بە "بۆمبێکی کاتیی" ناوبرد.

جەدعە دواین کەمپی عێراقە دانەخرابێت جگە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان. بە پێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ و بەھۆی شەڕی نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عێراق شەش ملیۆن کەس لە ناوخۆی عێراق ئاوارە بوون.