ئەمریکا: دەرکردنی ڕووسیا لە کازاخستان ئەستەم دەبێت

08/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەرکردنی ڕووسیا لە کازاخستان ئەستەم دەبێت.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ناتۆ نیگەرانی واشنتنی لە ڕووداوەکانی کازاخستان و دەستوەردانی ڕووسیا لەو وڵاتە دەربڕی و ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە حکومەت و لێپرسراوانی کازاخستان توانای کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانیان ھەیە، بەڵام دیار نییە بۆچی ھەستیان بەوە کرد پێویستیان بە دەستوەردانی ھێزی دەرەکی ھەیە.


ئاماژەی بەوەشکرد، مێژوو پیشانیداوە، ھەرکات ڕووسیا چووەتە ھەر شوێنێک، دەرکردنی زۆر ئەستەم بووە.


ھەفتەی ڕابردوو، بەھۆی گرانبوونی نرخی غاز و سوتەمەنی لە کازاخستان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و بەھۆیەوە نزیکەی ٣٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٤ ھەزار کەسیش دەستگیرکران، دواتر حکومەتی کازاخستان داوای لە ڕووسیا کرد، بۆ ھێورکردنەوەی ڕەوشەکە، ھێز ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکات.