ئەردۆغان: تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥ یەکەم فڕۆکەی جەنگی دروست دەکات

08/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگی جۆری (ئێف ٣٥)ی ئەمریکی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا یەکەم فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنج دروست دەکات.

لە وتەیەکدا لە ئاھەنگی ھاوپەیمانیی ١٦ کۆمپانیای تایبەت بە بواری فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی وڵاتەکەی ئەردۆغان ڕایگەیاند، یەکەم فڕۆکەی جەنگی دروستکراوی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥ دەچێتە بواری خزمەتەوە.


سەرۆکی تورکیا ئاشکرایکرد، نزیکەی ٢ ھەزار و ٣٠٠ ئەندازیار بەشدارن لە پڕۆژەی دروستکردنی ئەو فڕۆکە جەنگییەی وڵاتەکەی.


پێشتر تورکیا بەشدار بووە لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ی ئەمریکی و بڕیاربووە ١٠٠ فڕۆکەی لەو جۆرە بکرێت، بەڵام بەھۆی کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستی فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی لەگەڵ تورکیا ھەڵوەشاندەوە و ھەموو پڕۆگرامەکانی تایبەت بە فێرکردنی پسپۆڕە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر بەکارھێنان و چاککردنەوەی ئەو جۆرە فڕۆکەیە ڕاگرت.