بایدن فەرماندەی نوێی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دیاریکرد

08/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ژەنەڕاڵ (مایکڵ کورێلا)ی وەک فەرماندەی نوێی ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دیاریکرد، کە پێشتر فەرماندەی یەکێک لە یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە و خاوەنی پسپۆڕییەکی فراوانی جەنگییە لەناو سوپای ئەمریکادا.

دوای بڕیارەکەی بایدنیش، ئەگەر ئەنجومەنی پیران پەسەندی بکات، مایکڵ کورێلا سەرپەرشتی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەکات لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە جێگەی ژەنەڕاڵ (کێنێس ماکێنزی).


فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و یەمەن.


ژەنەڕاڵ کورێلا دەرچووی ئەکادیمیای سەربازیی (ویست پۆینت)ە و، پێشتر بەشداری جەنگەکانی کۆسۆڤۆ و عێراقی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٥شدا لە ھێرشێکدا لە شاری موسڵ بە سەختی بریندار بووە.


پێشتریش فەرماندەی فیرقەی بە ناوبانگی ٨٢ی ھێزی پەڕەشووتی ئەمریکا بووە، ئەو فیرقەیە لە جەنگی دووەمی جیھانیدا بەشدار بووە لە کۆنترۆڵکردنی کەنارەکانی نۆرماندی.