پۆلیسی نەمسا ٣٠ کۆچبەری لە بارھەڵگرێکدا دەستگیرکرد

08/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پۆلیسی ھەنگاریا ڕایگەیاند، لە سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ نەمسا، تەقەیان لە بارھەڵگرێک کردووە، کە ٣٠ کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتووە و دواتر پۆلیسی نەمسا دەستبەسەری کردوون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا پۆلسی ھەنگاریا بڵاویکردەوە، ھێزێکی پۆلیس لە خاڵێکی پشکینین ویستوویەتی بارھەڵگرێک ڕابگرێت، بەڵام بە خێرایی بە خاڵی پیشکنینەکەدا تێپەڕیووە بەرەو نەمسا و ناچار بوون بۆ ڕاگرتنی تەقەی لێبکەن.


پۆلیسی ھەنگاریا ڕوونیکردەوە، بارھەڵگرەکە تابلۆی ھەنگاریای ھەڵگرتووە و لە سنوری نەمسا لەلایەن پۆلسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر بارھەڵگرەکەدا گیراوە و دەرکەوتووە ٣٠ کۆچبەری لەگەڵ خۆی ھەڵگرتووە.


بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ھەنگاریا لە کۆتا ھەفتەی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ٢٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠ کۆچبەر ھەفتانە لە سنوری باشوری ئەو وڵاتەوە لەگەڵ سڕبیا و ڕۆمانیا پەڕیونەتەوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.