پێشبینیدەکرێت تێکڕای ھەڵاوسانی ئابوری لە تورکیا بۆ سەروو٣٠٪ بەرزببێتەوە

29/12/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەکەن تێکڕای ھەڵاوسانی ئابوری لە تورکیا بۆ سەروو ‏‏٣٠٪ بەرزببێتەوە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە ئەو ئاستە تۆماربکات. ‏

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئاستی ھەڵاوسانی ئابوریی تورکیا گەیشتووەتە ٢٠٪، ‏ھۆکارەکەشی بۆ دابەزینی نرخی لیرە دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای کەمکردنەوەی ئاستێکی ‏پێوانەیی لە سوودی بانکی لیرەی تورکی لەو چەند مانگەدا بووە .
بە پێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز تێکڕای ھەڵاوسانی ئابوریی تورکیا لەم مانگەدا دەگاتە ٣٠.٦٪، ئەمەش ‏بەرزترین ئاستە لە دوای ئایاری ساڵی ٢٠٠٣وە تۆماریکردووە و پێشبینییەکانی ئابوریناسان بۆ ھەڵاوسانی ئابوری تورکیا لە نێوان ٢٦.٤٪ بۆ ٣٧.٣٪دا ‏بووە.‏
لیرە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بەھای بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان لەدەستدەدا و ‏نرخی یەک دۆلار گەیشتە نزیکەی ١٩ لیرە، بەڵام دوای چەند بڕیارێکی ئەردۆغان، ‏نرخەکەی بۆ نزیکەی ١٢ لیرە بەرامبەر دۆلارێک بەرزبووەوە.‏