سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ٥٠ملیار دۆلار تەرخاندەکات بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا

22/05/2021
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بۆ بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پلانێکی ٥٠ ملیار دۆلاری دەخاتەگەڕ.

لە میانەی کۆبوونەوەی لوتکەی تەندروستی جیھان کە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا سازدرا، (کریستالینا جیور جیفا) بەرێوەبەری سندوقی  دراوی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد،  ئامانجمانە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ زیاتر لە٤٠٪ ی دانیشتوانی جیھان ھەتا کۆتایی ئەمساڵ دابین بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی ٥٠ ملیار دۆلاریمان خستووەتەڕوو.
کریستالینا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم ھەنگاوە ئابووری جیھان دەبووژێنێتەوەو دەتوانن بۆ ٢٠٢٢ زیاتر لە ٦٠٪ی دانیشتوانی جیھان ڤاکسینی کۆرۆنای بۆ دابین بکەن.
بەرێوەبەرەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە دابین کردنی بڕی  ٥٠ ملیار دۆلار بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا ھاوکاتە لەگەڵ ھاوکاریەکانی دیکەی سندوقەکە بە گوژمەی ٣٥ ملیار دۆلار بۆ پارەدارکردنی ئەو پرۆژە جیھانیە کە لەماوەی رابردوودا خستیەبواری جێبەجێکردنەوە.