ڤاکسینی کۆرۆنا بووەتە ھۆی دروستبوونی ٩ ملیاردێری نوێ لە جیھاندا

20/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕێکخراوی ئۆکسفام ئاشکرای کرد، ڤاکسینی کۆرۆنا ھۆکاربووە بۆ دروست بوونی ٩ ملیاردێری نوێ لە جیھاندا کە سامانەکانیان ملیارێک دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئۆکسفام بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، سامانی ئەو ٩ کەسە بە ھۆی فرۆشتنی ڤاکسینەکەوە ١٩ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە کە لە ناویاندا (سیڤان بانسل)ی بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای مۆدێرنای فەڕەنسی تێدایە کە سامانەکەی بووە بە ٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.


ڕوونیشیکردووەتەوە، بە تەنھا بڕی قازانجی ئەو ٩ ملیاردێرە بەشی ڤاکسینی ٩٠٪ی سەرجەم دانیشتوانی وڵاتە ھەژارەکان دەکات.


ئۆکسفام داوای لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی کردووە بەر بە قۆرخکاری لە بەرھەمھێنان و فرۆشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بگرێت بۆ ئەوەی ھەموو گەلانی جیھان بە ھەژار و دەوڵەمەندەوە ڤاکسینی کۆرۆنایان دەستبکەوێت.