مێگان مارکڵ نھێنیەکانی نێو خێزانی شاھانەى بەریتانیا ئاشکرا دەکات

24/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

باوکی"ھاری"وەڵامی پەیوەندییەکانی ناداتەوە .."مێگان"یش نھێنیەکانی نێو خێزانی شاھانە ئاشکرا دەکات.

شازادە ھاری دوای ماوەیەکی زۆر لە بێدەنگی ، دواجار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئۆپرا وینفری" کە لە کەناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی بڵاوکرایەوە ، لەگەڵ "میگان مارکڵ" ی خێزانی باسیان لە بڕیاری جێھێشتنی کۆشکی "بێرمنگھام" کرد ، ھاری نەیشاردەوە کە ئێستا باوکی وەڵامی تەلەفۆنەکانی ناداتەوە ، بەڵام وتی چەند جارێک پەیوەندی بە شاژنە "ئیلیزابێس"ی نەنکییەوە کردوەو قسەیان کردوە ، ھاری دەڵێت خەمبارم کە گەیشتوینە ئەو خاڵە ، بەڵام خۆم و ھاوسەرەکەم ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان بۆ ئەوەی لەناو خێزانی شاھانەدا بمێنینەوە و نەگەینە بڕیاری دورکەوتنەوە. 
"مێگان مارکڵ"یش باسی لە ناکۆکییەکان کردو نیگەرانییەکی زۆری دەربڕی لەوەی خێزانی شاھانە نەیانویستوە ھیچ ناونیشانێک بدەنە منداڵەکەی ، ئەو بۆ یەکەم جار باس لە رەگەز پەرستی دەکات لە نێو خێزانی شاھانەدا و دەڵێت ، پێش لەدایکبونی کوڕەکەم خێزانەکە ترسێکی زۆریان ھەبووە لەوەی ڕەش پێست بێت ، ناشیشارێتەوە کە کاتی دوو گیانی چەند جارێک بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە.
لە دوای بڵاوبونەوەی پرۆمۆی چاوپێکەوتنەکە ، ملیۆنان کەس لە جیھاندا لە چاوەڕوانی چاوپێکەوتنەکەی ھاری و میگاندا بوون کە ئێستا ناکۆکییەکی توندیان لەگەڵ خێزانی شاھانەی بەریتانیادا ھەیە ، مێگان و ھاری لە ساڵی ٢٠١٨ ھاوسەرگیرییان کرد و دوای ماوەیەک بڕیاریاندا دەسبەرداری ئەرکەکانیان بن لە نێو خێزانی شاھانەدا ، ھەربۆیە بەریتانیایان جێھێشت و ژیانێکی نوێیان لە ئەمریکا دەستپێکرد .