قوباد تاڵە‌بانی ‌پە‌یامێکی لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێ شەوی سلێمانی بڵاوکردەوە

05/12/2021
قوباد تاڵەبانی پرسەنامە
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆک وە‌زیرانی ھەرێم ‌پە‌یامێکی لە بارەی رووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێ شەوی سلێمانی بڵاوکردەوە رایگەیاند، پیاوانی پۆلیس شایەنی رێزلێگرتنن بۆ ئەو ئەرکە نیشتمانییەی بەجێی دەگەیەنن.

قوباد تاڵە‌بانی رایگەیاند، بەداخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو لەکاتی بە جێگەیاندنی ئەرکی یاسایی خۆیاندا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، مەفرەزەیەکی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان توشی رووداوێکی تەقەکردن بوون و بەھۆیەوە ئەفسەرێک بەپلەی نەقیب گیانی سپارد و سێ کارمەندی تریش برینداربوون. 

ھاوکات پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستە‌ی خانەوادە و ھاوڕێ و ئازیزانی نەقیبی کۆچکردوو"محەممە‌د لەتیف عەبدولکەریم" کرد و ھیوای زوو چاکبونەوەی بۆ بریندارانی تری ئەو رووداوە خواست، داواشیکرد لە دەزگا ئەمنییەکان بکەری ئەو رووداوە رادەستی دادگای بکەن بۆئە‌وە‌ی بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانە وەربگرێت.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، پەرۆشی بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەم ھەرێمەدا دووپات دەکەنەوە و راشیدەگەیەنین کە پیاوانی پۆلیس شایەنی رێزلێگرتنن بۆ ئەو ئەرکە نیشتمانییەی بەجێی دەگەیەنن لەپاراستنی ئارامی و جیبەجێکردنی یاسا و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ھەرئەوانیش یەکەم وێستگەی پاراستنی کۆمەڵن لە تاوان و ھەڵسوکەوتە چەوتەکان.