نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی سێ ملیۆن تمەنی تێپەڕاند

04/12/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای کۆتاییھاتنی خولی حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بەبێ ئەنجام، بەھای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی سێ ملیۆن تمەنی تێپەڕاند.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە بازاڕی ناڕەسمی دراوی تاران بڵاوکراونەتەوە، ھەر دۆلارێکی ئەمریکی بە نزیکەی ٣٠ ھەزار و ٢٧٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ٢٧ ھەزار تمەن، شارەزایانی ئابوریش دەڵێن ھۆکارەکەی بۆ ناڕوونی داھاتووی دانوستانەکانی ڤیەننا دەگەڕێتەوە.


دیار نییە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێران تاچەندە بەرزدەبێتەوە، بەڵام تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بەھای ھەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ ٣٢ ھەزار تمەن بەرزبووە و دواتر بانکی ناوەندیی ئێران بڕێکی زۆر دۆلاری خستە بازاڕەوە و توانی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەھاکەی بۆ ٢١ ھەزار تمەن داببەزێنێت.