پێشمەرگە و سوپای عێراق رێککەوتن

04/12/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەفدێکی وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە بەغداد کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر بەھێزکردنی کاری ھەواڵگری و زیادکردنی ھەماھەنگیەکانی نێوان ھێزەکانی ھەرێم و ناوەند بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، وەفدێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی میحوەرەکانی یەک تا چواری  ھێزی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەگەڵ عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی یەکخستنی ھەوڵە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلامارە تیرۆریستییەکان و بەھێزکردنی ستراتیژییەتی ھەماھەنگی و لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازی لە ناوچەکانی ھەماھەنگی ئەمنی نێوان ھێزەکانی ھەرێم و ناوەند.


ھەردوولا رێککەوتن لەسەر بەھێزکردنی کاری ھەواڵگری و زیادکردنی ھەماھەنگییەکان لە نێوان ھێزەکانی ھەرێم و ناوەند بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان و رێگریکردن لە روودانیان.


ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی ھەماھەنگییەکان لەگەڵ ھێزە دۆستەکان لەچوارچێوەی پشتیوانی لۆجستی و یەکخستنی ھەواڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان لەنێوان فەرماندە ئەمنی و سەربازییە ھاوبەشەکان بۆ دانانی تێڕوانینێکی روون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر .