ھەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ تورکیا ١٣٠٪ زیادیکردووە

04/12/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەمساڵدا ھەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ تورکیا ١٣٠٪ زیادیکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنەوەی بازاڕی وزەی تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئێران زیاتر لە ٦.٦٧ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی ھەناردەی تورکیا کردووە کە ئەو ڕێژەیە لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ٢.٩ ملیار مەتر سێجا بووە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ کە ئێران ڕووبەڕووی کەمی غازی سروشتی بووەتەوە، ڕۆژانەی نزیکەی ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی ھەناردەی تورکیا کردووە و پشکی ئێرانیش لە غازی ھاوردەی تورکیا زیاتر لە ٢٠٪ بووە.


ئەوەش لە کاتێکدایە، جەواد ئەوجی وەزیری نەوەتی ئێران ڕایگەیاندووە، لە زستانی ئەمساڵدا ئێران ڕۆژانە ڕووبەڕووی کەمی غازی سروشتی بە ڕێژەی ٢٠٠ ملیۆن مەتر سێجا دەبێتەوە.