لە بەغداد کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەبارەی زیادبوونی پەلامارەکانی داعش بەڕێوەدەچێت
کوردسات نیوز
لە بەغداد کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەمنی، لە بارەی زیادبوونی پەلامارەکانی داعش بەڕێوەدەچێت و تاوتوێی ئەنجامدانی ھەماھەنگی و ئۆپراسیۆنی ھاوبەش، لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە لە شاری بەغداد، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەمنی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان دەکەن و فەرماندەی میحوەرەکان و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
وتیشی، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە زیادبوونی جموجوڵ و پەلامارەکانی داعش و تاوتوێی زیادکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دەکەن، بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە لە ماوەی یەک ھەفتەدا داعش چوار پەلاماری لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ و قەزای کفری و چیای قەرەچووغ ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە ١٨ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون.
|