دیپلۆماتکارانی ئەوروپا: ٨٠٪ی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی داڕێژراوەتەوە

01/12/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دیپلۆماتکارانی ئەوروپا ڕایدەگەیەنن، لە دانوستانەکانی ڤییەنا نزیکەی ٨٠٪ی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران داڕشتووەتەوە.

ئاژانسی ھەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری دیپلۆماتکارانی دیاری ئەوروپاوە ڕایگەیاندووە، وادەیەکی دیاریکراویان بۆ کۆتایی دانوستانەکان دانەناوە و ئەوەی تا ئێستا لەگەڵ "ئێران" لەسەری ڕێککەوتوون دەکرێت بگۆڕێت و ڕێککەوتنی کۆتایی نییە.


ڕاشیانگەیاندووە ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ی ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لە چوارچێوەی ئەو دانوستانە داڕشتووەتەوە.


ھاوکات دیپلۆماتکارانی بەشدار لەو دانوستانەی "ڤییەنا" ئەوەیان خستووەتەڕوو، ٤٨ سەعاتی داھاتوو بۆ دانوستانەکان زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبن. 


لە ڕۆژی دووشەممەوە، حەوتەمین خولی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە "ڤییەنا" لە نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا دەستی پێکردووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە.