تەندروستی عێراق: ئۆمیکرۆن نەگەیشتووەتە وڵاتەکە بەڵام ئەگەری بڵاوبوونەوەی ھەیە

30/11/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن نەگەیشتووەتە عێراق بەڵام ئەگەری بڵاوبوونەوەی ھەیە.

"سەیف بەدر" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بە مانای کۆتاییھاتنی مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە نایەت و لە ھەر کاتێکدا بێت جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا دێتە وڵاتەکەوە.


جەختیشی کردەوە، لە گرنگی ھۆشیار کردنەوەی خەڵک و پابەندبوون بە بەستنی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی ڤاکسین. 


ھاوکات "ڕوبا فەلاح حەسەن" ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ھێشتا ھیچ زانیارییەکیان نییە سەبارەت بە خێرایی و مەترسیداری "ئۆمیکرۆن" و ھێشتا نەگەیشتووەتە عێراق بەڵام ئەگەری بڵاوبوونەوەی ھەیە و مەترسییەکە بۆ سەر ھەمووان.


وتیشی، زۆرینەی ئەو ڤاکسینانەی ھەیە لەسەر جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا ئیش دەکەن و تا ئێستاش نەسەلمێندراوە کە "ئۆمیکرۆن" بەرگری بەرامبەر ڤاکسینەکان ھەیە یان نا.