ھۆشداری لە بەرزبوونەوەی توشبووانی کۆرۆنا لە ئەوروپا دەدرێت

25/11/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رێکخراوی تەندروستی جیھانی پێشبینی دەکات لە چەند مانگی داھاتوودا ٧٠٠ ھەزار کەسی تر لە ئەوروپا و ئاسیا بەھۆی کۆرۆناوە گیان لەدەستبدەن، دەشڵێت ڤاکسینەکان بەڕێژەی ٤٠٪ مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە کەمدەکەنەوە.

رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، ئەگەر بەرزبوونەوەی ئاماری توشبووانی کۆرۆنا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا تا مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو، ٧٠٠ ھەزار توشبووی تر لە ئەوروپا و ناوچەکانی ئاسیا گیان لەدەستدەدەن، ھۆشداریشیدا لە رەوشی یەکەکانی چاودێری لە ٤٩ دەوڵەت کە روبەڕووی فشارێکی زۆر دەبنەوە.


تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکەش رایگەیاند، ڤاکسینەکانی کۆرۆنا مەترسییەکان بە رێژەی ٤٠٪ کەم دەکەنەوە، بەڵام دەبێت ئەو کەسانەشی ڤاکسینیان وەرگرتووە بەردەوام بن لە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی، چونکە ئەگەری توشبوونەوەیان ھەیە.