ھاوڵاتیانی بە شێوەیەکی بەرچاو ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن

24/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھاوڵاتیانی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە ھەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا دەکەن و ڤاکسینی فایزەریش زۆرترین خواستی لەسەرە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەغداد بڵاویکردەوە، لە ئێستادا سێ جۆر ڤاکسین لە عێراقدا بەردەستە، کە بریتین لە "ئەسترازینیکا و فایزەر و سینۆفارم"، بەڵام بە پێی ئامارەکان، خواست لەسەر بەکارھێنانی ڤاکسینی فایزەر لەلایەن ھاوڵاتیان زۆرە. ڕوونیشیکردەوە، ھاوڵاتیان مافی خۆیانە چ جۆرە ڤاکسینێک بەکاردەھێنن.


بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەغداد باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە ٧٠٠ بنکەی تەندروستی تایبەت بە کوتانی ھاوڵاتیان لە عێراقدا ھەیە، سەرجەم ڤاکسینەکانیش لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و لیژنە پسپۆڕییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروسیتی عێراق، دانی پێدانراوە.


پێشتریش وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕایگەیاندبوو، گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی ئیمزاکراوە، بۆ ناردنی زیاتر لە ٤ ملیۆن ڤاکسین، بۆ عێراق.