پەرلەمان ئامادەکاری بۆ داڕشتنی دەستوری ھەرێم دەکات

17/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ داڕشینی دەستور دەکات و سکرتێری پەرلەرمانیش داوا لەلایەن سیاسییەکان دەکات سەرنجەکانیان سەبارەت بە دەستور رەوانەی پەرلەمان بکەن.

مونا قەھوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دەستپێکی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمیان کردوە بۆ وەرگرتنی بۆچونی لایەنەکان لەسەر نوسینەوەی دەستوور، ھاوکات لە ٤ی نیسانی رابردووش دوا لە ھەموو فراکسیۆنەکان کرا سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی فراکسیۆنەکانیان لەسەر پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان بەپرس و ڕاوێژ لەگەڵ حزبەکانیان گەڵاڵە بکەن، بەڵام تا ئێستا ھیچ لایەنێک بۆچونی خۆی لەسەر دەستور ئاڕاستەی پەرلەمان نەکردوە.

وتیشی، لە کۆبونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی رۆژی یەک شەممە جارێکی تر داوایان لە فراکسیۆنەکان کردوە بۆچونی حزبەکانیان سەبارەت بە نوسینەوەی دەستور ئامادە بکەن.

راشیگەیاند، لە خولی رابردووی پەرلەمان ٧٤ ماددەی رەشنوسی دەستوری ھەرێم کۆدەنگی لەسەر بووە، لە ئێستادا راوبۆچونی لایەنەکان دیاریدەکات، کە درێژە بەو ماددانەی دەستور بدەن کە لە کەشێکی جیاوازدا کۆدەنگی لەسەر بووە، یاخود جارێکی تر سەرلەنوێ رەشنوسی دەستور ئامادە بکەنەوە.