لە سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە درا

17/05/2021
سلێمانی رێوشوێنی پێویست
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە دەگیرتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست  بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە دەگیرتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە. 
لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی پاراستنی  چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبوەوە و رایگەیاند:  بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەرووی ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز کراوە و نزیکەی ١٠٠ ھەزار نەمام لە چیاکە رووێنراوە ئەمە جگە لەو ھەزاران دارەی کە خۆی لە چیاکەدا ھەیە، لە کۆبوونەوەکەدا .


 دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکرنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە بڕیاری جێبەجێ کردنی ئەم خاڵانە درا و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاند ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی رێکارو سزای یاسایی دەکرێتەوە. 
١.لەزووترین کاتدا دەست دەکرێت بە ئاگر بڕ  بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاکە.
٢.کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان ھەبێت و پابەند دەکرێن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن .
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.


٤.ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

 

٥.تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاکەو ئەگەری ئاگر کەوتنەوە.

 

٦.تیمی ھێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتووچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن. 


٧.داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن  دەکەین لە بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی ھاوکارمان بن .