لە ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داھاتی دەروازەکان ١٩٤ ملیار دینار بووە

30/10/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

داھاتی دەروازە سنورییەکانی عێراق بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانیش دەڵێت، سیستمی ئەلیکترۆنی لە ھەموو دەروازە سنوری و فیدڕاڵییەکان کاراکراوە.

"عومەر وائیلی" سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، داھاتی ئەمساڵ لە مانگی یەک تا مانگی ١٠ی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ٩٤٧ ملیار دینار، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ١٠ مانگە یەکەمی ساڵی ڕابردوودا داھاتی دەروازە سنورییەکان ٨٨٥ ملیار دینار بووە، بەو شێوەیەش لەمساڵدا ٦٢ ملیار دینار داھات زیاتر بووە.


وتیشی، لە ساڵی ٢٠١٩ کۆی گشتی داھاتی دەوازە سنورییەکان تریلیۆنێک و ١٢٢ ملیار دینار بووە، داھاتی ساڵی ٢٠٢٠یش تریلیۆنێک و ١٩٤ ملیار دینار بووە.


سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، سەرەڕایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی جموجۆڵەکان، داھاتی دەروازەکان زیاتر بووە، سیستمی ئەلیکترۆنیش لە ھەموو دەروازە سنوری و فیدڕاڵییەکان کارا کراوە، کە تایبەتە بە وردبینی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی گومرگ.