کۆریای باشور لە مانگی چواردا زیاتر ١٨٨ھەزار ئۆتۆمبیلیان ھەناردە کردووە

16/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەناردەی ئۆتۆمبیلی کۆریای باشور بە رێژەی ٥٣% رووی لە ھەڵکشان کردووە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وزەی کۆریای باشور ئاشکرای کرد کە ھەناردەی ئۆتۆمبیلەکانیان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو رووی لە ھەڵکشان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وزەی کۆریای باشوردا ھاتووە کە تەنھا لە مانگی چواردا ١٨٨ ھەزار و ٢٩٣ ئۆتۆمبیلیان ھەناردە کردووە، بەم پێیەش ھەناردەی ئۆتۆمبیلی کۆری بە رێژەی لە  ٥٣% رووی لە ھەڵکشان کردووە لە یەک مانگدا.

ئاژانسی ھەواڵی یونھابی کۆریای باشوریش بڵاوی کردەوە لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ کۆریای باشور ٧٣٤ ھەزار و ٤٤٨ ئۆتۆمبیلیان ھەناردەی جیھان کردووە، کە بە بەراورد بە ھەمان وادە لە ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢٢.٧% ھەناردەی ئۆتۆمبیلیان گەشەی کردووە.

لە رووی داھاتی ئۆتۆمبیلە ھەناردەکراوەکانیشەوە، دەستکەوتەکانی کۆریای باشوور بە رێژەی ٧٣.٤% گەشەی بە خۆیەوە بینیوە.