ئەردۆغان ھەڕەشەی دەرکردنی ١٠ باڵیۆز لە وڵاتەکەی دەکات

23/10/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسەر بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک بۆ ئازادکردنی چالاکوانێکی سیاسی سیاسی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ھەڕەشەی دەرکردنی ١٠ باڵیۆز لە وڵاتەکەی دەکات.

ئەردۆغان، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی راوێژکاری ئاکەپە لە شاری ئێسکی شەھیر رایگەیاند، رێنمایی بە وەزیری دەرەوە داوە کە ئەو ١٠ باڵیۆزەی رەخنەیان لە دادگای تورکیا گرتووە بە کەسانی نەخوازراو ناوبھێنرێن. 


ئەردۆغان ناڕەزایەتی و سەردانی باڵیۆزەکانیشی بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بە بێئەدەبی ناو بردووە.


ئاماژەی بەوەش کردوە، تورکیا وڵاتێکی بەشکۆیە و ھەرکەسێک لە تورکیا تێنەگات و نەیناسێت ئەوا دەبێت ئەم وڵاتە بەجێبھێڵێت.


لە چەند رۆژی رابروودا باڵیۆزانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، کەنەدا، دانیمارک، فینلەندا، فەڕەنسا، ھۆڵەندا، نیوزیلەندا، نەرویج و سوێد رەخنەیان لە دادگای تورکیا گرت و داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵا سەرمایەدارو چالاکوانی سیاسیان کرد کە ماوەی چوار ساڵە بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک لە ساڵی ٢٠١٣ و کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ لە زینداندایە.