وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد

13/10/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەو سەردانەدا کە ھەر یەک لە ڕەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران و لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ کرا لە بارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.

بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا ڕوونیکردەوە یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەمان بکەین. ووتیشی دەمانەوێت پێکەوە پڕۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کار بکەین بۆ کوردستانەکەمان.


ھاوسەرۆک ڕاشیگەیاند ئەو کورسیانەی ھاوپەیمانی کوردستان بە دەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە کاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە بەرنامەی کوردستانیی ‌و زامنکردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەکانی کوردستان بە ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، ئەرکی داکۆکیکردنی لە مافەکانی گەلی کوردستانی گرتووەتە ئەستۆ ‌و بە یەکڕیزی ھاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیکەی کورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابین بکەین.


ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ڕوونیکردەوە لە ژیانی سیاسیدا حیزب بە زۆر ھەوراز و نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرەو پڕۆژەی سیاسی ھەنگاو بنێین و خەونی کاک نەوشیروان و سەرۆک مام جەلال جێبەجێ بکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پڕۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و ڕەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بە ھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.


ھاوسەرۆک دووپاتیشکردەوە لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.