لە کرماشان ھەر کارمەندێک ڤاکسین وەرنەگرێت ناتوانێت بچێتە سەر کارەکەی

01/10/2021
کرماشان ڤاکسینی کۆرۆنا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە کرماشان ھەر کارمەندێک ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا وەرنەگرێت، ناتوانێت بچێتە سەر کارەکەی.

د. ئیبراھیم شەکیبا سەرۆکی ناوەندی تەندروستی پارێزگای کرماشان راگەیاندووە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کرماشان، سەرجەم کارمەندانی حکومەت بەمەرجی کوتانی لانیکەم یەک ژەم ڤاکسین دەتوانن بچنە سەر کارەکانیان و لە رۆژی شەممەوە ھەر کارمەندێک، کارتی ڤاکسینی نەبێت، ناتوانێت بچێتە سەر کارەکەی و بە نەھاتوو بۆی ھەژمار دەکرێت.
 ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو کەسانەی لە کرماشان بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ئەو کەسانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و ئەوەش ھۆشدارییەکی جدییە بۆ ئەو کەسانەوەی تاوەکو ئێستا خۆیان نەکوتاوە، تائێستاش زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس لە کرماشان بەکۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.