دیموکراتەکان داوا دەکەن واشنتۆنی پایتەخت بکرێت بە ویلایەت

23/04/2021
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی پەسەندکرد ئەگەر ئەنجومەنی پیرانیش پەسەندی بکات و سەرۆکی ئەمریکاش ئیمزای بکات، ڕێ لە بەردەم واشنتۆنی پایتەختدا ھەموار دەکات ببێتە ٥١ھەمین ویلایەتی ئەمریکا و لەو حاڵەتەشدا دەتوانێت لە کۆنگرێسی ئەمریکا دوو سیناتۆر و نوێنەرێکی ھەبێت.

واشنتۆن دی سی کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھیچ کورسییەکی نە لە ئەنجومەنی نوێنەران و نە لە ئەنجومەنی پیراندا نییە، ئەلینۆر ھۆڵمز نۆرتن نوێنەری ئەو شارەش لە کۆنگرێسی ئەمریکا مافی دەنگدانی نییە.


پێشبینی دەکرێت پڕۆژەبڕیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاستەنگی گەورەی لەلایەن کۆمارییەکانەوە بۆ دروست بکرێت، چونکە بە پێی ڕاپرسی و ئامارەکان زۆرینەی دانیشتووانی واشنتۆنی پایتەخت لایەنگری دیموکراتەکانن، بۆیە ئەگەر واشنتۆن ببێتە ویلایەت، دوو نوێنەری دیموکراتەکان بۆ ئەنجومەنی پیران ھەڵدەبژێرن، ئەوەش تەرازووی ھێز لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکان لاسەنگ دەکات لە ئەنجومەنی پیراندا کە لە ئێستادا لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکاندا بە یەکسانی دابەشبووە.


سەرەتا ھەرێمی کۆڵۆمبیا کە بە واشنتۆن ناسراوە، پایتەختی ئەمریکای نوێ نەبووە، ئەو کاتەی کە لە ساڵی ١٧٧٦ دامەزرا، لە ١٣ ویلایەت پێکھاتبوو، سنوری دەسەڵاتی لە باکورەوە لە سنورەکانی کەنەداوە دەستیپێدەکرد تا ویلایەتی جۆرجیا لە باشور، و شاری نیویۆرکیش پایتەختی ئەو دەوڵەتە بوو، بەر لەوەی کە شاری فیڵادڵفیا ببێتە پایتەخت.


لە ساڵی ١٧٩٠یشەوە ھەرێمی واشنتۆن کرایە پایتەختی ئەمریکای فیدراڵی، ئەویش وەک ڕێگەچارەیەکی ناوەند لە نێوان دوو گروپدا کە ناکۆکییان ھەبوو سەبارەت بەوەی چ شارێک بکرێتە پایتەخت.


دیموکراتەکان کە ماوەی دەیان ساڵە داوا دەکەن واشنتۆنی پایتەخت بکرێتە ویلایەت، دەیانەوێت لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆو بایدندا دەرفەتەکە بقۆزنەوە و ھەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران بۆ خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و ویلایەتێکی نوێ لە بەرژەوەندیی خۆیان بۆ ئەمریکا زیاد بکەن، ھاوشێوەی ئالاسکا و ھاوای کە لە ساڵی ١٩٥٩دا بوون بە ویلایەت.