ئەردۆغان: پێویستە ئەمریکا لە عێراق و سوریا بکشێتەوە

27/09/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا لە عێراق و سوریا بکشێتەوە، وەک چۆن بە تەواوی لە ئەفغانستان کشاوەتەوە.

ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی رایگەیاندوە، ئەگەر ئەمریکا ئاشتی دەوێت، دەبێت بزانێت ھیچ ھۆکارێک نەماوە بۆ مانەوەی ھێزەکانی لە وڵاتاندا و پێویستە چۆن لە ئەفغانستان کشایەوە بە ھەمان شێوە لە سوریا و عێراقیش بکشێتەوە و رێگە بە گەلانی ئەو وڵاتانە بدات خۆیان بڕیار بەدەست بن. 


لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی نیازی تورکیا بۆ گرتنەوەی شوێنی ئەمریکا لە سوریا، ئەردۆغان وتی، ئەگەر سورییەکان پێشوازییان لێنەکەن و بە راستی نەیانەوێت تورکیا لە وڵاتەکەیاندا بمێنێتەوە، ھەرگیز لە سوریا نامێننەوە.