ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی لە کەرکوک

26/09/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک لەگەڵ سەرکردایەتی کەرکوک کۆبووەوە .

لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆکرا لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک و میکانیزمەکانی زیاتر خزمەتکردنی کەرکوکییەکان و رێکخستنەوەی کاری حزبی لە سنورەکە .

دوای ئەوەی سەرکردایەتی کەرکوک راپۆرتێکیان لەسەر کۆی ھاوکێشە و پرسە سیاسی و ئەمنییەکان و دۆخی کورد لە ناوچەکە و ھەڵمەتی سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان خستەڕوو، بافڵ تاڵەبانی وتەیەکی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرد کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەکانە و روونیکردەوە، کەرکوک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و وەک سەرۆک مام جەلال فەرموویەتی قودسی کوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوییەکان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تایبەتمەندی و کوردستانی بوونی  کەرکوک بپارێزین .

ھاوسەرۆک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، راستە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیاری وڵاتانی دۆستمان زیانی گەورەمانکرد، بەڵام بێھیوا نەبووین و یەکێتی بۆ ساتێکێش کەرکوکییەکانی جێنەھێشت، کە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە بووە لە داھاتووشدا ھەر لێرە دەمێنینەوە و خزمەتدەکەین، ئەرکی سەرکردایەتی کەرکوکیشە پارێزەری راستەقینەی بەدیھێنانی داواکارییەکانی کەرکوکییەکان بن و زیاتر لەناو خەڵک بن و خزمەتی شارەکە بکەن .

سەبارەت بە کاری رێکخراوەیی و ئۆرگان و ناوەندەکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدایە ئامادەبووان و ھێڵەگشتیەکانی حزبی لەچەند ئاستێکدا روونکردەوە، کە کاری لەسەر بکرێت .

بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان و سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوسەرۆک وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و لیژنەی بانگەشە لە کەرکوک، کە بەشێوەیەکی سەرکەووتوانە ئەرکەکان رادەپەڕێنن، روونیکردەوە سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی کوردستان لە کەرکوک  زامنی پاراستنی کوردستانی بوونی  شارەکە و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانە،  لەبەرئەوە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لە کەرکوک دەنگی یەکەم بھێنین و ھاوپەیمانیی کوردستان ببێتەوە سەرمەشقی بەردەوامی خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوکییەکان لەو رووەوە بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەربڕی، کە کەرکوکییەکان لەم وێستگەی سەرکەوتنەشدا  پشکی شێریان بەردەکەوێت و وەک ھەمیشە لە پێشەوەی دەنگدان دەبن و ھاوپەیمانییەکەی خۆیان سەردەخەن .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی تری پەیوەست بە کەرکوک گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ھەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ کرد .