ئەمریکا لە بارەی بەردەوامی ھاوکارییەکانی دڵنیایی دەدات بە ھەسەدە

21/09/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھاوکارییەکانی بۆ "ھەسەدە"، لە جەنگی دژ بە داعش دووپاتدەکاتەوە.

ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ھیچ وەفدێکی ئەمریکی بە نھێنی نەچووەتە سوریا، بەڵام "جۆی ھۆد" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ خۆرھەڵاتی نزیک، قسەی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" کردووە و دڵنیای کردووەتەوە، کە سوریا جیاوازە لە ئەفغانستان و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی ھەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی ئەو گرووپە، چونکە تا ئێستاش داعش مەترسیەکی گەورەیە لە سوریا.


سەرچاوەکە وتیشی، ھەسەدە ھاوبەشێکی سەربازی ڕێزلێگیراوە بۆ ئەمریکا، بەڵام بە بێ ھاوکاری واشنتۆن ناتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش یان ڕاگرتنی ھەزاران دەستگیرکراوی داعش و خێزانەکانیان.


ئەوە لە کاتێکدایە دەنگۆی چوونی وەفدێکی باڵای ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی جۆی ھۆد بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە بڵاوکرایەوە، کە بە پێی زانیارییەکان مەزڵوم کۆبانێ داوای لە جۆی ھۆد کردووە، ئەمریکا ناوچەیەکی دژەفڕین لە ڕۆژئاڤای کوردستان دروست بکات و دان بە خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریادا بنێت.