ھندستان ژمارەی پێوانەیی لە توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرد

23/04/2021
دوو تووشبوو بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە ھیندستان کە دووەمین وڵاتی گەورەی جیھانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، لە تەنھا ڕۆژێکدا زیاتر لە ٣١٤ ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەوەش ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی جیھان لە توشبون بە کۆرۆنا تۆمارکرد.

ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ھندستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن و کۆی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە وڵاتە دووچاری ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە ١٥ ملیۆن و ٩ سەد ھەزار کەس، لە ڕیزبەندیی تێکڕای تووشبووانیش لە دوای ئەمریکاوە لە پلەی دووەمدایە.


تێکڕای ئەو کەسانەش کە تا ئێستا بە پەتاکە گیانیان لە دەستداوە لەو وڵاتە گەیشتووەتە ١٨٤ ھەزار و ٥٥٧ کەس.


ئەوەش لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە دەرمان و ئۆکسجینی پێویستیان تێدا نەماوە و زۆربەشیان شوێنیان نەماوە و ناتوانن پێشوازی لە نەخۆشەکان بکەن.


دادگای باڵای نیودەلھی فەرمانی بە حکومەت کردووە سەرجەم ئەو ئۆکسجینانە کۆبکاتەوە کە لە ناوەندە پیشەسازیەکاندا بەکاردەھێنرێت تا ڕەوانەی نەخۆشخانەکانیان بکات.


کۆرۆنا بڕستی لەو وڵاتە بڕیوە و دیمەنی ئەو ئەمبوڵانسانەی تووشبووانی کۆرۆنا لە نۆخۆشخانەیەکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازنەوە و بەدوای تەختێکی چۆڵدا دەگەڕێن، ڕۆژانە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە بەدی دەکرێت.


ھاوڵاتیانی ھیندستان زۆربەیان ھیندۆسن و تەرمی مردووەکانیان دەسوتێنن، و کەسوکاری ئەوانەش کە بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە لە ڕیزی دوور و درێژدا لە بەردەم شوێنی سوتاندنی تەرمەکاندا ڕادەوەستن.