وەزارەتی کشتوکاڵ ٢١ بەرھەم قەدەغە دەکات ھاوردەی عێراق بکرێن

23/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ٢١ جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات کە ھاوردەی عێراق بکرێن و نرخی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانەش لە بازاڕەکانی عێراقدا ڕوویان لە ھەڵکشان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی (محەمەد کەریم خەفاجی) وەزیری کشتوکاڵی عێراقدا ھاتووە، ڕێگە نەدرێت بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ئەم وەرزە لە دەروازە سنورییەکانەوە ھاوردەی عێراق بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش  داوای لە دەستەی دەروازە سنورییەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرکردەی ئۆپراسیۆنەکان کردووە، ڕێکارەکانی تایبەت بە ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان توندتر بکەن، ئەمەش بە ئامانجی ھاندانی بەرھەمە خۆماڵییەکان.


لە کاتێکدا عێراق بە مانگی ڕەمەزاندا گوزەر دەکات و خواستی ھەمووەکی لە بازاڕدا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەم ھەوڵەی وەزارەتی کشتوکاڵ نرخی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش ھانی فرۆشیار و بازرگانانی داوە بیر لە ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بکەنەوە، چونکە بەرھەمەکانی ناوخۆ نرخیان بەرزە، ھەر ئەمەش وای لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد نیگەرانی خۆی لە ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو و زیندوو لەگەڵ پەتاتە دەرببڕێت، کە گوایە بە قاچاخ لە سنورەکانی عێراقەوە ھاوردە دەکرێن.


چاودێرانی ئابووریش دەڵێن، قەدەغەکردنی ٢١ جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی کە مریشک و پەلەوەریشی لە خۆگرتووە، بڕیارێکی لۆژیکی نییە بەو پێیەی ناتوانێت ھاوسەنگی لە نێوان پاراستنی مافی بەرھەمھێن و بەکاربەر فەراھەم بکات، چونکە قەدەغەکردنی یەکجاری باجەکەی ھاوڵاتیانی عێراق دەیدەن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بەرھەمانە و، ھاوردەکردنی بێ ڕەچاوکردنی خواستی بازاڕیش زیان لە بەرھەمێنەرانی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانە دەدات، بۆیە پێویستە ڕەچاوی قەبارەی خواست و خستنەڕوو بکات لە بازاڕدا.


لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان و وەبەرھاتنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ڕاگەیاند و، بەم پێیەش نرخی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان ڕوویان لە ھەڵکشان کرد، بە جۆرێک یەک کیلۆ مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی عێراقدا نرخەکەی ٨٩٪ ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.