بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێم: ھاووڵاتیان تووشی قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبن

08/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمساڵدا ھاووڵاتیان تا ڕادەیەک تووشی قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبن و وشکەساڵیش زیان بە گوندنشینان دەگەیەنێت، حکومەتی ھەرێمیش بە پێی پێویست بودجە و پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاری نەکردووە.

"ئەکرەم ئەحمەد" بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بەھۆی کاریگەری کەم بارانی و گلدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ، ئاوی بەنداو و ڕووبار و ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە، بەھۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی باش ئاو گلدراوەتەوە، لە ئەمساڵدا ھاووڵاتیان تا ڕادەیەک تووشی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبن، بەڵام ئەگەر حکومەت پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە نەبێت ئەوا ساڵی داھاتوو کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.


وتیشی، بەھۆی وشکەساڵی و کەم بارانی گوندنشینان و ئەو خێزانانەی کشتوکاڵ دەکەن یان مەڕوماڵاتیان ھەیە زیانی زۆریان بەردەکەوێت.


بەڕێوەبەری بەنداوەکان ڕاشیگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە پێویستی بە ٢٥ تاوەکو ٣٠ ملیار دیناری دەبێت، بەڵام ئەو بودجە و پلانەی حکومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە دیاریکردووە بە پێی پێویست نییە.