داھاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق زیاد دەکات

26/08/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی نەوتی ھەناردەکراو و داھاتەکەی لە مانگی تەمموزی ڕابردوو ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داھاتە بە دەستھاتووەکانیش دەکات لە مانگی ڕابردوودا.

بەپێی داتاکانی ھەناردەی نەوت، لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دراوە بە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی تەمموزی رابردوو بڕی ٩٠ ملیۆن و ٤٦٧ ھەزار و ٧٩٤ بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە.


ھەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتدا ھاتووە، کۆی داھاتی بەدەستھاتووی نەوتی ھەناردەکراو شەش ملیار و ٤٧٥ ملیۆن و ٥١٢ ھەزار دۆلار بووە، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشوو ڕووی لە زیادبوون کردووە.


وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای نەوت لە بازاڕی جیھانیدا ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٧١ دۆلار و ٥٧ سەنت فرۆشراوە .