بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران ٢٨٪ زیادیکردووە

19/08/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئێران بەردەوامە لە زیادکردنی ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوت و ٢٨٪ زیادیکردووە.

رێکخراوی ئۆپیک ئاشکرایکردوە، قەبارەی بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٨٥ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بەراورد بەھەمان مانگی ساڵی رابردوو لەسەدا ٢٨ زیادیکردووە.

رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت کە بە ئۆپیک ناسراوە، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماری بەرھەمھێنانی نەوتی ئێرانی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا ھاتووە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و ٢١٤ ھەزار بەرمیلی بەرھەمھێناوە، ھەروەھا توانیویەتی لە چارەکی دووەمدا بۆ دوو ملیۆن و ٤٤٣ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکاتەوە.

ئامارەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەھۆی سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ھەناردەی نەوتی ئێران دابەزیووە، بەڵام توانیویەتی قۆناغ بەقۆناغ قەرەبووی ئەو دابەزینە بکات و ئاستی ھەناردەکردنی بەرز بکاتەوە.

پێشتریش بێژەن زەنگەن وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندبوو، ھەرچەندە بەھۆی گەمارۆ توندەکانی ئەمریکا و کەرتی پیشەسازی نەوت زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام بەردەوام بووە لە کارەکانی و پارێزگاری لە ئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت کردووە.