ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ھاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ برێت مەکگۆرک

05/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری ھەولێر، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکھاتبوو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جوی ھود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی نزیک و خاتوو دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە د. سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەردار ھەرکی ئەندامی سەرکردایەتی و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی ھێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی جدی و ھەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ڕێوشوێنەکانی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا.


ھاوسەرۆکان جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، پێزانینی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەمریکا ھەیبووە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە جەنگی دژەتیرۆردا، پێویستی بەردەوامبوون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دووپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستووەکانیان لە وڵاتدا.


لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ھاوسەرۆکانی یەکێتیی ڕوانینی خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە و قەیرانەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان بۆ وەفدی ئەمریکا خستە ڕوو.
جەختیشیان لە ھەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و نەھێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی بەھێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو ڕووەشەوە پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بە گرنگ زانی بۆ یەکگوتاری و یەکھەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە .


لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھاوسەرۆکان دووپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش و پەنابردن بۆ دەستوور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان ‌حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەھۆی ھەڕەشەکانی داعشەوە ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە.


سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، ھاوسەرۆکان تەئکیدیان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دوور لە دەستتێوەردان.


وەفدەکەی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لە سەر بەردەوامیی ئەرکەکەیان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و پابەندبوونی وڵاتەکەشیان بۆ پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابووری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان ھەردولا لە تەواوی بوارەکاندا.