وەھاب ھەڵەبجەیی: بەڵێن بێت نەک ھەر کۆتایی پێدەھێنین، دەیڕوخێنین

17/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

وەھاب ھەڵەبجەیی سەرپەرشتیاری بازنەی ھەڵەبجەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، سێ ساڵی رابردووی کارەکانی یەکێتی و سەرۆک بافڵ دەکەینە بەڵگە بۆ ئەو بەڵێن و دروشمانەی کە یەکێتی لەم ھەڵبژاردنەدا ھەڵگریەتی.

دەقی پەیامەکە... 

بەناوی خودای گەورە و میھرەبان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ، پێشمەرگە قارەمانەکان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی، مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارە ئازیزەکان، مامۆستایانیی ئایینی بەڕێز و پێشەواکانی ئێمە، کادیران و لایەنگرانی حزبی شەھیدان، ھەر تاکێکی کورد کە خەبات بۆ ئازادی و خەمەکانی میللەت دەکات.

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی و گۆڕانکاری ڕیشەی لە ژیانی ھاونیشتیمانیان بەرەو باشتر، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی بەڕێوەبرد، لەسەر زاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە لە ٧ کەرنەڤاڵیی جەماوەریی جیادا لەسەرجەم شار و شارۆچکەکاندا سووربوونی خۆی لە بەدیھێنانی دروشمەکانی دووپاتکردەوە

ھەڵگرتنی ئەم دروشمانەش ئاسان نییە و تەنھا بە ھێزێکی مەزنی وەکو یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دەکرێت کە ئەمانە لە دروشمەوە بگۆڕێت بۆ کردار.

٣ ساڵی ڕابردووی کار و چالاکییەکانی یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەینە بەڵگە بۆ ئەو بەڵێن و دروشمانەی کە یەکێتی لەم ھەڵبژاردنەدا ھەڵگریەتی
لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا توانرا ھەنگاو و بە ھەنگاو یەکێتی بخرێتە سەر ڕێڕەوە ڕاستەکەی خۆی و ئەوەی ئەنجامدا کە جەماوەرەکەی داوایان لێدەکرد و خەڵکی کوردستان لێی چاوەڕێ بوون.

توانرا ستۆپێک بە باڵی کەمینەی خۆسەپێنی ناو پارتی بکرێت، سەرۆکی یەکێتی ئەوەی وتی جێبەجێیکرد
بۆ یەکەمجار لە دوای ڕاپەڕینەوە ھەڵبژاردنێک دەکرێت بە یاسایەکی جیاواز و کۆمسیۆنێک سەرپەرشتی دەکات کە پارتی دەسەڵاتی بەسەردا نییە
بە ھەوڵی یەکێتی و سەرۆکەکەی لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە بڕیاڕی ڕێکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردنی موچەی فەرمانبەران درا
توانرا لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرکەوتنی گەورە لە کەرکوک و موسڵ تۆماربکرێت و ئێستا کەرکوک خاوەنی پارێزگارێکی کوردی یەکێتییە
چیدیکە لە موسڵ پارتی ناتوانێت بەناوی کوردەوە قسەبکات و ئێستا یەکێتی نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردی ئەو ناوچەیەیە
ئەمانە بەشێک بوون لەو دەستکەوتانەی کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان توانیان بەدەستیبھێنن
بەندە وەک ڕۆڵەیەکی ھەڵەبجە، لەم کەمپەینی ھەڵبژاردنە ئەرکی سەرپەرشتیاری بازنەی ھەڵەبجەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانم پێ سپێردرا، دڵخۆشین کە گڕوتینی جەماوەری یەکێتیمان لەم پارێزگایە بینی، ئەمەش جیا لەوەی کە بەھۆی بە دەمەوەھاتنی خەڵکە بۆ بەرنامە و دروشم و ئامانجەکانی یەکێتی، ھەر ئەمەش ھۆکارە بۆ ئەوەی کە یەکێتی بۆ یەکەمجارە چاوی لە بردنی تەواوی کورسییەکانی ھەڵەبجە بێت.
ھەڵەبجە و سیروانی ئازیز، بیارە و تەوێڵە و خورماڵ و ھەورامانی وەشەویس، با دەنگی ئێوە ئەمجارە بۆ یەکێتی بێت و ئێمە تاقیبکەنەوە، بەڵێن لەم ڕۆڵەیەی خۆتان وەرگرن کە لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا خودی خۆم سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری یەکێتی دەکەم بۆ پارێزگای ھەڵەبجە و خۆم بەرپرسیار دەبم بەرامبەرتان، چونکە ئەوەی دەیڵێین، جێبەجێیبکەین
ئێمە گومانمان لە ترس و شڵەژانی باڵی کەمینەی خۆسەپێنی ناو پارتی نییە، ھەموو کوردستانیش ڕۆژانە بینەری دۆخی شێواوی ئەو حزبەن، کە بە باوەشێک و دیمەنێکی سەر شاشە ئەوە ناشاردرێتەوە، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ھەرێمی کوردستاندا دۆخی ئەو حزبە بگاتە ئەم ئاستە و ئەمجارەش دڵنیایی دەدەین کە بە چۆکدا دێت و کۆتایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەی دێت کە بە زۆرینەی ساختەی ناو پەرلەمان دروستیکردبوو.

کەمینەی خۆسەپێنی ناو پارتی ئەمجارە کە درکی بەو شکستەی خۆی کردووە، لەڕێی دروستکردنی لیستی دووەمی خۆی و لیستی سێبەر دەیانەوێت ھەر ھیچ نەبێت ئاستی شکستەکەیان کەم بکەنەوە، بەڵام ئەمانە دادیان نادات و وەک ئەو چڵە پوشە وان کە مەلەوانەکە لەکاتی خنکانیدا پەنای بۆ دەبرد، لە کۆتاییشدا ھیچیان پێ نابڕێت جگە لە سەرشۆڕی و ملکەچی
چونکە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە چوار قسەی عاتیفی و دووجار چونە بازاڕ و چا خواردنێکی سەر عەرەبانە ھەڵناخەڵەتێنرێن.

ئێمە دەمانەوێت درێژە بەو دەستکەوتانەی ٣ ساڵی ڕابردوومان بدەین، دەمانەوێت بۆ ھەمیشە کێشەی مووچە لەڕێی ناوەندەوە چارەسەر بکەین، دەسەڵاتی دروست بدەینە دادگاکان و یاسا لە سەرووی ھەمووانەوە بێت، چیدیکە کەمینەی خۆسەپێنی ناو پارتی نەتوانن یاسا و دادگا بکەنە چەکی دەستیان و بەرامبەر ڕکابەرەکانیان بەکاریبھێنن، دەمانەوێت خاکی داگیرکراومان کە ڕۆژانە بە پێشڕەوی کەمینەی خۆسەپێنی ناو پارتیی ڕادەستیی بێگانە دەکرێت وەریبگرینەوە، ئاسمانی کوردستان پاک بکەینەوە لە درۆن و فڕۆکەی نەیاران کە ڕۆژانە ڕۆڵەکانی ئێمە و کەسوکارمان بە ئامانج دەگرن، دەمانەوێت ئەو حکومەتە پۆلیسی و ھەواڵگرییەی کە لە ھەولێر و دھۆک سەپێنراوە نەیھێڵین
بۆ ئەمەش پێویستمان بە پشتیوانیی و پاڵپشتیی ئێوەیە، ئێوە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ھەڵبژێرن و ئەوی دیکەی بۆ ئێمە لێگەڕێن

بەڵێن بێت نەک ھەر کۆتایی پێدەھێنین، دەیڕوخێنین