وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ پاشا و وەزیری دەرەوە کۆبوەوە

16/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سێ وڵاتی ناوچەکە دەکات و پاشای ئوردنیش دەڵێت، رێگە نادەن ئاسمان و خاکی وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی ململانێ ھەرێمییەکان.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئوردنی کرد و سەرەتا لەگەڵ ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و دواتریش لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی رەوشی ئێستای ناوچەکە کراوە و پاشای ئوردنیش رایگەیاندووە، ھیچ کاتێک رێگەنادەن ئاسمان و خاکی وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی ململانێ ھەرێمییەکان.

بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسریش رایگەیاندووە، بڕیارە رۆژی پێنج شەممە وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی قاھیر بکات و سەردانەکەش لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی میسردایە بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی گرژییەکان.

ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، لەدوای ئوردن و میسر، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تورکیاش دەکات و ئامانج لەو سەردانانەش زیاترکردنی ھەوڵە دیبلۆماسییەکانی تارانە بۆ وەستانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە غەززە و لوبنان.