رۆژی ١٨مانگ دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت

16/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

رۆژی ١٨ مانگ دەنگدانی تایبەت و ٢٠ مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش رایگەیاند، بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لە سەعات ٧ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە کراوە دەبن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان، لە سەعات ٧ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە کراوە دەبن، پرۆسەی دەنگدانیش درێژناکرێتەوە لەبەرئەوەی کردنەوە و داخستنی وێستگەکانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، ھەروەھا دەنگدان تەنیا لە رێگەی بەکارھێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدەرەوە دەبێت.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنی، رێگە نادرێت بەبردنە ژورەوەی ئامێری مۆبایل و کامێرا بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان.

راشیگەیاندوە، رۆژی ھەینی ١٨ی ١٠ی ٢٠٢٤ دەنگدانی تایبەت و رۆژی یەکشەممەش ٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٤ دەنگدانی گشتی بەرێوەدەچێت.