ئێران: وەک شەڕێکی دەروونی مامەڵە لەگەڵ سیستمە بەرگرییەکەی ئەمریکا دەکەین

16/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

وەزیری بەرگری ئێران رایدەگەیەنێت، موشەکە بالیستیەکانیان توانای بەزاندنی سیستمە بەرگرییە نوێیەکەی ئەمریکایان ھەیە لە ئیسرائیل.

فەریق عەزیز ناسر زادە وەزیری بەرگری ئێران سەبارەت بە جێگیرکردنی سیستمی بەرگری سادی ئەمریکی لە ئیسرائیل وتی، سیستمەکە شتێکی نوێ نییە و ئێران وەک شەڕێکی دەروونی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ جێگیرکردنی ئەم سیستمەدا تووشی کێشە نابن، چونکە موشەکەکانی ئێران دەتوانن ئامانجەکانیان لە خاکی ئیسرائیلدا بپێکن و سیستمەکە ببەزێنن.

دوابەدوای ھێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ئەمریکا سیستمی بەرگری سادی لە ئیسرائیل جێگیرکرد کە تایبەتە بە ڕێگریکردن لە مووشەکی بالیستیکی مەودا کورت و مامناوەند.

سیستمەکە توانای ھەڵدانی ٤٨ مووشەکی ھەیە لە یەککاتداو لە ماوەی نیو سەعاتدا دووبارە چالاک دەبێتەوە، پێویستی بە نزیکەی ١٠٠ سەرباز ھەیە بۆ کارپێکردنی، ڕێژەی سەرکەوتنی لە سەدا سەدە، تائێستاش حەوت دانەی لێبەرھەمھێنراوە کە تێچوو ھەریەکەیان یەک ملیار دۆلارە.