پۆلیسی سلێمانی: ھەر کەسێک ئاسنی پۆستەری کاندیدەکان لێبکاتەوە وەک دزی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت

16/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ھەرکەسێک ئاسنی پۆستەری کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لێبکاتەوە و بیبات بۆ خۆی وەک دزی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەر حاڵەتێکی لێکردنەوە و بردنی ئاسنی پۆستەری کاندیدەکان ھەبێت، پۆلیسی سلێمانی وەک دزی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و ڕوبەروی سزای یاسایی دەبێتەوە. 

وتیشی، ھەرکاتێک کۆمیسیۆن داوای لێکردن لەبوونی ھەر حاڵەتێکی دزین و لێکردنەوەی ئاسنی پۆستەرەکان، ئەوا پۆلیس ئەو کەسانە دەستگیردەکات و دواتر دادگا ڕوبەڕوی سزای یاسایی و پێبژاردنیان دەکاتەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئاسنی پۆستەری بەشێک لە کاندیدەکان لێکراونەتەوە و براون، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیش لەدوای ڕۆژی دەنگدانی گشتی، ماوەی مانگێکی دیاریکردووە بۆ لێکردنەوەی پۆستەرەکان و دەبێت لەو ماوەیەدا کاندیدەکان پۆستەرەکانیان لێبکەنەوە.