ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە پارێزگای خوزستان لە ئێران کەوتەوە

16/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە باشوری رۆژئاوای ئێران، کەسێک گیانیلەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی سوتەمەنی لە پاڵاوتگەی "بترو بارس شوشتر" لە ھەرێمی خوزستان کەوتووەتەوە، ئەگەرچی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ھێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام پێدەچێت ھۆکارەکەی ئەوەبێت کە بارھەڵگرێک خۆی کێشاوە بە یەکێک لە کۆگاکانی سوتەمەنی پاڵاوگەکەدا. 

لێپرسراوێکی ناوخۆیی لە ھەرێمی خوزستان بە ئاژانسی ھەواڵی ئێرنای وتووە، کەسێک بەھۆی رووداوەکەوە گیانیلەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون. لەئێستاشدا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لە حاڵەتی ئامادەباشیدا ماونەتەوە.