ئەمریکا ٣٠ رۆژ مۆڵەت دەداتە ئیسرائیل دۆخی مرۆیی غەززە باشتربکات

15/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

ئەمریکا ھۆشداریی توند دەداتە ئیسرائیل و ٣٠ رۆژ مۆڵەتی پێدەدات بۆ باشکردنی دۆخی مرۆیی غەززە، بە پێچەوانەوە ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەو وڵاتە کەمدەکاتەوە.

پێگەی " ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ھەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا، نیگەرانی وڵاتەکەیان لە دۆخی مرۆیی غەززە گەیاندووەتە ئیسرائیل.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ٣٠ رۆژ مۆڵەتیان داوەتە ئیسرائیل، تاکو دۆخی مرۆیی لە غەززە باشتربکات، بە پێچەوانەوە ئەمریکا رێوشوێن بەرامبەر ئیسرائیل دەگرنەبەر و ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەو وڵاتە کەمدەکاتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سوپای ئیرسرائیل ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر باکووری غەززە فراوانترکردووە و بەھۆیەوە، گەیشتنی ھاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە سەختتر بووە.