سەرکەوت زەکی: سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەھێنین و رێڕەوی حکومڕانی راستدەکەینەوە
مەریوان عەبدوڵا
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رایدەگەیەنێت، یەکێتی ئامادەباشی تەواوی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە رێڕەوی حکومڕانی لە کوردستان راستبکەنەوە.
سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ زوبێر عوسمان و دلێر ماوەتی و ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستن، سەردانی ھەردوو بازنەی دوکان و پیرەمەگرونی کرد و لەلایەن عەبدوڵا کانی بەردینی لێپرسراوی بازنەی دوکان و ئازاد مستەفا لێپرسراوی بازنەی پیرەمەگرون و ئەندامانی ھەردوو بازنەوە بەگەرمی پێشوازیکران.
لە سەردانەکەدا سەرکەوت زەکی وێڕایی دەستخۆشی و پێزانین بۆ ئەندامانت بازنەکان، لەوتەیەکدا باسی لە بەرنامەی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردن کرد و رایگەیاند، یەکێتی ئامادەباشی تەواوی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە بریارە لە ٢٠ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ئامانجیان بەدەستھێنانەوەی متمانەی خەڵک و سەرکەوتنی گەورەیە، بۆیە لەو رێگەیەوە ڕێڕەوی حکومڕانی لە کوردستان راستبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لایەنێک دەستی بەسەر تەواوی جومگە سەرەکییەکاندا گرتووە و تەواوی دەسەڵاتەکانی بۆ تاقمێک قۆرخکردووە، ئەو لایەنەش پارتییە و ئەوان بەدەنگی خەڵک وەڵامیان دەدەنەوە کە چیتر حکومی قۆرخکاری و خۆسەپێن قبوڵکراو نییە و دەیانەوێت لە داھاتوودا حکومەتێکی خزمەتگوزار بھێنینە کایەوە کە حکومەتی ھەموو خەڵک بێت و کۆتایی بەو نەھامەتیانە بھێنن کە ئێستا لە سایەی ئەم حکومەتە نادادپەروەرەوە بەرۆکی میللەتی گرتووە".
ھەر لەکۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر ئەو رێنماییە کردەوە، کە بۆ بازنەکان دێتەخوارەوە تابانگەشەیەکی ئارام و شارستانیانە بەرێوەبەرن.
|