فەرماندەیەکی فەیلەقی قودس: ئیسماعیل قائانی تەندروستی باشە و لەکارەکەی بەردەوامە

07/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران جەختدەکاتەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس تەندروستی باشە و لەکارەکەی بەردەوامە.

میدیاکی ئێران لە زاری ئیرەج مەسجدی یاریدەدەری کاروباری ھەماھەنگی لە فەیلەقی قودسەوە گواستییانەوە، تەندروستی ئیسماعیل قائانی باشە و لەکارەکەی بەردەوامە، بەبێ ئەوەی ھیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەیەوە ئاشکرابکات.

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر میدیا ئیسرائیلی و عەرەبییەکان بڵاویانکردبووەوە، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەرێگەی ٧٣ تۆن بۆمبەوە بۆردومانکرا و ئامانجەکەش ھاشم سەفیەدین جێگرەوەی حەسەن نەسروڵابوو، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیش لەھەمان شوێن بووە لەگەڵ سەفیەدین و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوەی گومانەکەی زیاتر کردووە ئامادەنەبوونی قائانی بووە لە وتاری رۆژی ھەینی رابردووی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لە دوای پێنج ساڵ یەکەم وتاری بووە پێشکەشی بکات.

ھاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوانی ئێرانەوە بڵاویکردبووەوە، ماوەی چەند رۆژێکە ھیچ جۆرە پەیوەندییەکان لەگەڵ قائانی نەماوە کە لە لوبنان بووە بەتایبەتیش لە دوای ئەو بۆردومانەی ئیسرائیل کە سەفیەدینی کردە ئامانج.