هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق دەدرێت

07/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

لەکاتێکدا ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لە عیراق، لێپرسراوێکی کورد ھۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ کشانەوە لە عیراق.

تریفە عەزیز، نوێنەری تایبەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، تا ئێستا گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و میلیشیا چەکدارەکان ھەڕەشەی مەترسیدارن لەسەر گەلی عیراق و ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا. 

وتیشی، دەیەیەک بەر لە ئێستا، ھێزی پێشمەرگە لەپاڵ ھێزەکانی ئەمریکا کاریان کردووە بۆ لەناوبردنی داعش و روبەڕوبوونەوەی شانە نوستووەکانیان، حکومەتی ھەرێمیش ھاوبەشێکی ئەمنی متمانەپێکراو بووە بۆ ئەمریکا و ھێشتا ئامادەیە بۆ ھەماھەنگی. 

بڕیارە ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی بێت، پلانێکیش ھەیە کە ژمارەیەک لە ھێزەکان لەگەڵ عیراق بمێننەوە بۆ پشتیوانی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کە ژمارەیان ٩٠٠ سەربازە، لانی کەم تا ساڵی ٢٠٢٦.