سەرۆکی فەرەنسا داوای سنوردارکردنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات

06/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

سەرۆکی فەرەنسا داوای سنوردارکردنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات، ناتانیاھۆش دەڵێت ھەنگاوی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی ئێران و گروپە چەکدارەکاندایە.

سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و تێیدا، گفتوگۆیانکردووە لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا، فەڕەنسا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیل و کاتی ئەوە ھاتووە شەڕ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رابگیرێت.

لەبەرامبەردا، ناتانیاھۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی لە داواکارییەکانی فەڕەنسا بۆ سنووردارکردنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل و وتی، پڕچەکنەکردنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەیە، ئاماژەی بەوەشدا، ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەرفەتێکە بۆ گۆڕینی واقیعی ئەو وڵاتە و بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە تەواوی ناوچەکە.

لە بەشێکیتری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ناتانیاھۆ داوای پشتیوانی و ھاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل کرد و ماکرۆنیش وتی، ئیسرائیل مافی خۆیەتی پارێزگاری لەخۆی بکات دژی تیرۆریستان، بەڵام درێژەدان بە شەڕی غەززە و لوبنان، ئەو سەقامگیری و ئاسایشە بەدی ناھێنێت، کە خواستی ئیسرائیل و ناوچەکەیە.