ترەمپ: نەیارە سیاسییەکانم ھەموو کارێکی خراپیان بەرامبەر کردووم بە ھەوڵی کوشتنیشەوە

06/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

بۆیەکەمجار دۆناڵد ترەمپ رکابەر و نەیارە سیاسییەکانی بە ھەوڵدان بۆ کوشتنی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت لە ھەشت ساڵی رابردوودا زۆرترین خراپەکاریی بەرامبەر کراوە.

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە ھەمان ئەو شوێنەی مانگی رابردوو بریندارکرا رایگەیاند، لەماوەی ھەشت ساڵی رابردوودا کە چوار ساڵیان سەرۆکی ئەمریکا و چوار ساڵیشیان وەک ئەوەی سەرۆک بێت لە پێناو وڵاتەکەیدا کاریکردووە، رکابەر و نەیارە سیاسییەکانی ھەموو کارێکی خراپیان بەرامبەری کردووە بە ھەوڵی کوشتنیشەوە بۆئەوەی رێگری لەکارەکانی بکەن.

وتیشی، دوای پرس و راوێژ بە کەسانی شارەزا و راوێژکارەکانی، ھەر کارێک بە باشی بزانێت بۆ ئەمریکا دەیکات و سڵ لە ھیچ رکابەر و نەیارێکی ناکاتەوە و ھەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان دەدات لە پێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ ئەمریکا.