لە سێ ناوچەی عیراق دەستبەسەر شەش کێڵگەی ماددەی ھۆشبەردا گیرا

06/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

لەسێ ناوچەی عیراق دەستبەسەر شەش کێڵگەی ماددەی ھۆشبەردا دەگیرێت و ژمارەیەک بازرگانی ماددەی ھۆشبەریش بە سزای جیاجیا حوکم دەدرێن و بازرگانێکی بیانیش دەستگیرکرا.

دەزگای ئاسایشی ناوخۆی عیراق رایگەیاندووە، لە ھەردوو ناوچەی دۆرە و مەدائین سەر بە پارێزگای بەغداد و ناوچەی بەلەدروز سەر بە پارێزگای دیالە دەستبەسەر شەش کێڵگەی چاندنی رووەکی داتۆرای ھۆشبەردا گیراوە کە لە دوو ھەزار و ٣٠٥ رووەک پێکھاتووە و ھەموویان لەناوبراون.

دادگای تاوانەکانی پارێزگای واستیش بڵاویکردووەتەوە، پێنج بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دوای ساغبوونەوەی تاوانەکانیان، یەکەمیان بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی و چوارەکەی تریش ھەریەکێکیان بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزا دراون. 

لە پارێزگای نەجەفیش دادگای تاوانەکان، بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر کە بە ١٠ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەرەوە دەستگیرکرابوو و بەنیازبوو بە چەند بەکارھێنەرێکی بفرۆشێت، بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزادراوە.

لەلایەکی تریشەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی پارێزگای کەربەلا ئاشکرایکردووە، دوای ماوەیەک لە چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە لە کارەکانی، بازرگانێکی بیانی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرکردووە و دەستیش بەسەر یەک کیلۆ و ٢٥٠ گرام ماددەی ھۆشبەردا گیراوە کە بەو بازرگانە بووە.